ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر گرانی کارەبا کۆدەبێتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و باس لە گرانی نرخی کارەبای سیتییەکان و جیاوازی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20.8.2023، عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولیر بە 964ـی راگەیاند، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبای نیشتمانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە 18 دینارەوە بۆ نزیکەی 160 دینار گرانبووە، “ئەمە نابێت بەو جۆرە بێت و نرخەکەی گرانە”.
“شوێنە بازرگانییەکان بەمە رازین، بەڵام دانیشتووانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون رەتیدەکەنەوە و هەوڵدەدەین بگەینە چارەسەرێک”، عەلی رەشید وای وت.
بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بەراورد بە سلێمانی، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەولێر کەمترە و دەیانەوێت بزانن هۆکارەکەی چییە.
کۆبوونەوەکە رۆژی چوارشەممە 23.8.2023 بەڕێوەدەچێت و بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر و بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.
مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەبارەی دانانی سیستەمی پریپەید دەبێت.