سێ پرۆژەی رێگاوبان بۆ بەردەڕەش دەکرێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
وابڕیارە لە قەزای بەردەڕەش سێ پرۆژەی گەورە جێبەجێ بکرێت، یەکێک لە پرۆژەکان دروستکردنی ئۆڤەرپاسێکە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر جێبەجێ کردنی ئۆڤەرپاسێک و سێ پرۆژەی ستراتیژی گرنگ لە قەزای بەردەڕەش و تەنیا ماوە رێکارەکان تەواو بێت و جێبەجێ دەکرێت.
ئیسماعیل مستەفا قایمقامی بەردەڕەش بە 964ی وت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر جێ بەجی کردنی سێ پرۆژەی گرنگ لە قەزاکەمان و بڕی101 ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکرێت و جێ بەجێ دەکرێت.
وتیشی، ئەو پرۆژانەی کە رەزامەندییان لەسەر دراوە و جێبەجی دەکرێن بریتین لە دروست کردنی جووت سایدی رێگاکانی ئامیان – بەردەڕەش و بەردەڕەش – کەلەک، هەروەها دروست کردنی ئۆڤەرپاسی چواڕیانی ئامیان و هەروەها دروست کردنی سایدی کۆنی رێگای رۆڤیا – بەردەڕەش.
ئێستا پرۆژەکان لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی دهۆکن بە زووترین کات رێکارەکانیان تەواودەبێت و رەوانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەکرێن دواتریش دەست دەکرێت بە کارکردن لە پرۆژەکاندا، ئیسماعیل مستەفا وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی