هونەرمەند کەمال عەلی لە کاتی کاری وێنەگرتنی کلیپەکەی. وێنە :964
کەمالی عەلی گۆرانیەکی جیلی ئاڵتونی نوێ دەکاتەوە
پەرستۆ ساڵح
هونەرمەند کەمال عەلی گۆرانی “واهاتی نازدار گوڵەکەم” نوێ دەکاتەوە، ئەو گۆرانیە لە ساڵانی نەوەد وتراوە، بەمزوانە بە کلیپێک بڵاویدەکاتەوە.
گۆرانی واهاتی نازدار گوڵەکەم بەشێکە لە یادگارییەکانی جیلی ئاڵتونی و لە ساڵی 1993 تۆمارکراوە، کەمال عەلی تایبەت بە 964 وتی “بەرهەمەکە هێشتا زیندووە و زیاتر لە جیلێکی تێپەڕاندووە، ئەوەش وایکرد نوێی بکەمەوە”.
کلیپی ئەم بەرهەمە لە ماوەتی ناوچەی شارباژێر کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، بەشێوازێکی فۆلکلۆری و سەرجەم ئەکتەرەکان جلوبەرگی کوردیان پۆشیوە و وەک هونەرمەند ئاماژەی پێدەدات بۆن و تامی نەتەوەیی پێوەدیارە و بەمزوانە بڵاودەکرێتەوە.
کەمال عەلی لە ساڵانی نەوەدەکان کوردستانی جێهێشت و رووی لە ئەوروپا کرد، ئەمەش وایکرد ساڵانێکی زۆر لە کاری هونەری دوورکەوێتەوە و دواین کلیپی لەگەڵ هونەرمەند سالار مەحمود بوو بەناوی “مەستی شارم”.
دەربارەی کەم دەرکەوتنی و دابڕانی کەمال عەلی وتی “جەنجاڵی لە دونیای هونەری ئەمڕۆ وایخواستووە پشوویەک بدەین و بۆ نەورۆزی ساڵی داهاتوو بەرهەمێکی دیکەم ئامادە دەبێت”.