پێشمەرگە چەک و پێداویستی نوێیان لە هاوپەیمانان وەرگرت
+964
ئهرسهلان عهبدوڵا
وهزارهتی پێشمهرگهی كوردستان رایگهیاند، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوامە و فیرقەکانی 1 و 2 ی پیادە چەک و پێداویستی نوێی سەربازییان وەرگرت.
وهزارهتی پێشمهرگه دهڵێن، لە بەردەوامیی ئەو کۆمەک و هاوکارییە لۆجستیانەی کە هاوپەیمانان پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، ئەمڕۆ 17.8.2023ی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە بەڕێوبەرایەتی میرەی گشتیی سەربازی، بەشێک لەو هاوکارییانەی هاوپەیمانان رادەستی فیرقەکانی (1و2)ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کران.
فەرمان زراری جێگری بەڕێوبەری میرەی گشتی له وهزارهتی پێشمهرگه له بۆنهكهدا رایگهیاند، “هاوپەیمانان لەسەرەتای دروستبوونی داعشدا هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە، بە جۆرێک ئەو هاوکارییانە رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە تێکشکانی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان”، هەروەک راگەیاندنی وەزارەتەکە لە فەیسبووک بڵاویان کردووەتەوە.
وهزارهتی پێشمهرگه دهڵێن، رادەستکردنی ئەو هاوکارییانە بە پێی بەرنامە و پلانی سەرۆکایەتی ئەرکان و بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، رادەستی فیرقەکانی (1و2)ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کران.
هێزهكانی هاوپەیمان پێشتریش چەندین کاروانى هاوکارى سەربازى و لۆجستییان پێشکەشی هێزهكانی پێشمەرگە کردووە و لە ساڵى 2017یشەوە مانگانە زیاتر له 20 ملیۆن دۆلار وەک موچە دەدەن بەو لیوا هاوبەشانەى خراونەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە و داواش دەکەن تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، تا هاوکارییەکانیان تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە بگرێتەوە.