ئەمە پرسیارێکە و هەموو رۆژ دووبارە دەبێتەوە

ئێران بەشداریی مۆندیال دەکات؟


ئەرسەلان عەبدوڵا

دوو مانگی رێک ماوە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا دەستپێبکات.

هەڵبژاردەی ئێران بۆ مۆندیال سەرکەوتووە، خشتەی یارییەکانیشی لە قۆناغی یەکەم راگەیاندراوە، کە لە لۆس ئەنجلس و سیاتڵ یارییەکانی دەکات.

ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمە لە تەک بەلجیکا، میسر و نیوزیلەندا.

بەڵام بەهۆی شەڕەوە ئێران داوای کردووە یارییەکانی لە ئەمریکاوە بگوازرێتەوە بۆ مەکسیک و ترسیان هەیە لە هێرشی ئەمریکییەکان بۆ سەر تیپەکەیان.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ فیفا داواکەی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، خشتەکە هەروەک خۆی دەبێت و یارییەکانی هەڵبژاردەی ئێران هەر لە ئەمریکا بەڕێوەدەچن.

ئێران پێشتر رایگەیاندبوو بەشداریی مۆندیال ناکەن و دەکشێنەوە، بەڵام ئەوەیان جوڵەیەکی زیرەکانە و دروستکردنی فشار بوو، چونکە هیچ نووسراوێکی فەرمیان بۆ بەشداری نەکردن پێشکەش نەکردبوو.

ئیتر بینەوبەردەیەکی زۆر کرا و سەرۆکی فیفا رازیی کردن لە بڕیارە زارەکییەکەیان پەشیمان ببنەوە.

بەڵام ئێستا مانەوەی یارییەکانیان لە ئەمریکا، جارێکی دیکە کێشەی دروست کردووە و دیار نییە چی روودەدات.

ئیتر بزانین هەڵوێستی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران چی دەبێت و بڕیاری کۆتایی چۆن دەبێت!