150 ماڵی سلێمانی لە رێگەی وزەی خۆر کارەبایان دابین دەکەن

964+

فەهمی نەبی

بە پێی داتاکانی کارەبای سلێمانی تا ئێستا 150 ماڵ سیستمی کارەبایەکەیان کردووەتە وزەی خۆر و بە هەموویان 1.5 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، هاوکات دوو بڕیاریشی لە قازانجی ئەو ماڵانە راگەیاندووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دوو بڕیاریداوە بۆ ئەو ماڵانەی سیستمی کارەبایەکەیان کردووەتە (سۆلار سیستم) واتا بەدەستهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر.

بە پێی بڕیارە نوێیەکانی کارەبای سلێمانی، هەر ماڵێک سیستمی کارەبای بە وزەی خۆر بێت، بڕی ئەمپێری پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ زیاد دەکرێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی بڕی ئەو کارەبا زیادەیەی بەرهەمی دەهێنن بیخەنە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

بڕیاری دووەمی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بۆ ئەو ماڵانەیە، کە سیستمی کارەباکەیان پریپەیدە بۆ ئەوەی ئەو کارەبایەی تێکەڵی کارەبای نیشتمانی دەکەن هەژمار بکرێت، پریپەیدی سەر کارەبای زیرەکیان بۆ لادەبرێت و لەمەودوا یەکەی گەڕاوەیان بۆ ناو تۆڕی کارەبا بۆ هەژمار دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داوا لەو ماڵانە دەکات، کە سیستمی کارەبای وزەی خۆریان لە سەربانی ماڵەکانیان داناوە، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە بڕیارەکان خۆیان تۆماربکەن.