لە رانیە دەنگی تەقە بیستراوە

+964

ژووری هەواڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری رانیە دەنگی تەقە بیستراوە، بەڵام دەوترێت کێشەکە لە نێوان دوو کەس بوو کە ئاسایش و پۆلیسن.

تەقەکان لە نزیک مزگەوتی خدر جاف بیستراوە کە یەکێکە لە مزگەوتە بەناوبانگەکانی ئەو شارە، لەو ناوە ماڵی ئەفسەرێکی پۆلیس هەیە.

زیاد لە سەرچاوەیەک لە ناو هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ 964یان پشت راست کردەوە کە پێشتر کێشەیەک هەبووە لە نێوان کوڕی ئەفسەرێکی پۆلیس و کوڕی پیاوێکی ئاینی، ئەمەی دووەمیان خۆیشی ئاسایشە، تەقەکەرەکە تەقەی لە ماڵی ئەفسەرەکەی پۆلیس کردووە و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە.

موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ی وت ”بەڵێ ئەم بەیانییە تەقەکراوە لە رانیە، ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین”.

بەڵام موقەدەم شۆڕش زانیارییەکانی نەسەلماند و وتی پاش لێکۆڵینەوە هەموو شت دەردەکەوێت.

کاتژمێرێک دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە 964، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:11 خولەک لە شاری رانیە لە گەرەکی مامۆستایان دەستڕێژی گولە لەماڵێک کرا، دەستبەجێ هێزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە (نەژدە) و بنکەی پۆلیسی ڕزگاری و بەهەماهەنگی هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە کرا، بەڵام کەمێک دوای رووداوی تەقەکردنی یەکەم روداوێکی تری تەقەکردن لە گەڕەکێکی تری شاری رانیە کە گەڕەکی کێوەڕەشە ڕویدا، لەوکاتەشدا هێزەکان کە سەرقاڵی کۆنترۆڵ کردن و لێکۆڵینەوە بوون لە روداوی تەقە کردنی یەکەم، دەستبەجێ
گەیشتنە شوێنی ڕوداوی تەقەکردنی دووەم و بارودۆخی ڕوداوی تەقەکردنی دووەمیش کۆنتڕۆڵ کرا.

لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری یاسایی، دوو کەس لە سەر هەردوو رووداوی تەقەکردنەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر کراون کە هەردووکیان کارمەندی هێزە ئەمنیەکانن.