جگەرەی ئەلیكترۆنی کە لە یەکێک لە مارکێتەکانی سلێمانی دانراوە بۆ فرۆشتن. فۆتۆ: 964
مارکێتێک لە سلێمانی لەسەر فرۆشتنی ڤایپ بە منداڵان داخرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
مارکێتێک لە سلێمانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، کە بە ڤایپ ناسراوە، بە منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ فرۆشتووە، لەسەر ئەوە قایمقامیەتی شارەکە دایانخست.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16.8.2023، قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، مارکێتەکە لە گەڕەکی بەختیارییە و ژمارەیەک هاوڵاتی سکاڵایان لەسەر مارکێتەکە هەبووە بەهۆی فرۆشتنی ڤایپ بە منداڵان.
مارکێتەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دادەخرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە، قایمقامیەتی سلێمانی وای وت.
لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، ئەمە دووەم مارکێتە بەهۆی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکرۆنی بە منداڵی خوار 18 ساڵ دابخرێت.
لە رێکەوتی 24.7.2023ـش، بە هەمان هۆکار لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی مارکێتێکیان داخست و سزای داراییان دا.