سپیدارەی شارباژێڕ رووناک دەکرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

بۆ یەکەمجار گوندی سپیدارە لە شارباژیڕ کارەبای بۆ رادەکێشرێت و تا 70 رۆژی تر هەموو کارەکانی کۆتایی دێت.

پڕۆژەکە زیاتر لە 152 ملیۆن دیناری لەسەر بوودجەی 8%ـی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بەشی رۆژهەڵات بۆ تەرخان کراوە.

“ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی گەیاندنی کارەبایە بۆ ئەو گوند و ناوچانەی تا ئێستا کارەبای نیشتیمانیان پێنەگەیشتووە”، ئەوە قسەی سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانییە بۆ 964.

وتیشی، “گەیشتنی کارەبای نیشتیمانی بەو گوندە کاریگەری لەسەر زیاتر جێگیربوونی خەڵکەکەی هەیە”.

گوندی سپیدارە کەوتووەتە ناحیەی زەلانی قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی. زستانان گوندەکە چۆڵە و هاوینانشی نزیکەی 10 ماڵ تێیدا دەژین.