وێنەیەکی شوکور خەیات وێنە:سۆشیال میدیا
چریکەیەکی قەتار و خاوکەری گەرمیان خەریکە خامۆش دەبێت
964+
توانا نەقی
هونەرمەندی مەقامبێژی کورد شوکور خەیات لە نەخۆشخانەیە و بارودۆخی تەندروستی بە تەواوەتی تێکچووە.
کەسوکارەکەی دەڵێن نەخۆشی درێژ خایەنی هەیە و لەدەرەوەی وڵاتیش چارەسەر نەکراوە، ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
فاروق شوکر خەیات کوڕی ئەو هونەرمەندە بە 964ـی وت، دکتۆرەکان بێ ئومێدیان کردوون و باروودۆخی تەندروستی باوکیان زۆر خراپە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
وتیشی، چوار مانگە ئەو نەخۆشییەی گرتووە و ماوەی 8 رۆژە بە تەواوەتی بێهۆشە و حاڵی پەرێشان بووە.
هونەر مەند شوکر خەیات لە دایک بووی کەرکوکە و ئێستا لە هەولێر دەژی لە ساڵی 1940 لەدایک بووە.
شوکر خەیات لە دوای عەلی مەردان و حسێن عەلی و مەقام بێژانی سەدەی پێشوی گەرمیان و کەرکوک بە یەکێک لە مەقامبێژە بەسەلیقە و شارەزاکانی مەقاماتی ناوچەی گەرمیان دادەنرێت.
مەقامەکانی قەتار و خاوکەر، ئەڵاوەیسی، خورشیدی و خاوکەر و ئای ئای بە شێوازێک چڕیوە کە بۆنی گەرمای گەرمیان و چریکەی گەرمەسێر و پێدەشتی داودەی لێدێت.