خورماتوو
مێردمنداڵێک لە ژێر ئەشکەنجەی باوکی و خاڵی گیانی لەدەستدا
سیروان خورشید – خورماتوو
شەوی رابردوو لە گەڕەکی کۆماری قەزای خورماتوو مێردمنداڵێکی تەمەن 16ساڵ لەسەر دۆڕاندنی بڕێکی زۆر پارە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆکەوە لەلایەن باوک و خاڵییەوە لەژێر ئەشکەنجە و لێداندا گیانی لەدەستدا و پۆلیسیش هەردوو تۆمەتبارەکەی دەستگیرکرد.
هارون رەشید بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، مێردمنداڵەکە شوێنی ئەشکەنجە و لێدانی زۆر بە جەستەیەوە دیار بووە و لەگەڵ ئەوەشدا درەنگ گەیاندراوەتە نەخۆشخانە و لە کاتی گەیشتنیدا لە رێگادا گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی شوێنەواری توندی توندوتیژیی پێوە دیار بوو.
عەمید بەدر خەڵەف بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو بە 964ـی راگەیاند، دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و باوکی مێردمنداڵەکە کە تەمەنی 49 ساڵە لەگەڵ خاڵیدا دەستگیرکراون و پاش لێکۆڵینەوەی سەرەتایی هەردوو تۆمەتبار دانیان بەوەدا ناوە کە لەژێر ئەشکەنجە و لێدانی ئەواندا کوڕەکە گیانی لەدەستداوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
وتیشی، ئەم مێردمنداڵە ماوەی چەند رۆژێکە لە رێگەی حسابی تیکتۆکەوە لەلایەن چەند کەسێکەوە هەڵخەڵەتێنراوە و لە رێگەی لینکی یارییەکەوە سەرجەم پارەی ماڵەوەیان کە بڕەکەی “حەوت دەفتەر دۆلار” بووە لە رێگەی هەژماری بانکییەوە دۆڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، باوکی مێردمنداڵەکە چەند رۆژێکە لە گەشتی عەمرە گەڕاوەتەوە و شەوی رابردوو خاڵیشی چوو بووە ماڵیان و بابەتەکەیان بۆ ئاشکرا بوو، پاش ئەوەی کوڕەکە دانی بەوەدا ناوە کە پارەکانی دۆڕاندووە، کەسوکارەکەی تووڕە بوون و هەردوو دەست و قاچیان بەستووەتەوە، پاشان بە دار و سۆندە بەربوونەتە گیانی و لە ئەنجامدا لەلایەن باوکیەوە پاڵی پێوەنراوە و بەربوەتەوە و سەری بەر قادرمەی ماڵەوە کەوتووە و تووشی خوێنبەربوونی هەناوی بووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی