گەڵاڵە لەشەوی رابردووەوە دەسووتێت
ئاسۆ وەرتی – چۆمان
دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی رەشەبای ناوچەکە ئاگرەکەی گەڵاڵە سەری هەڵداوەتەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوەتەوە.
ئاگرەکە نزیک کاتژمێر 12ـی شەوی رابردوو لەنێوان کانیە زیل و گوندی گەڵاڵە کەوتووەتەوە، دوای ئەوەی بە چوار تیمی بەرگری شارستانی لە کاتژمێر 6ـی بەیانی کۆنتڕۆڵ کرا، بە قسەی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بێت، بەهۆی رەشەبا لە کاتژمێر 8ـی ئەم بەیانییە جارێکی تر سەری هەڵداوەتەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
گوندی گەڵاڵە، سەنتەری ناحیەی گەڵاڵەی سەر بە قەزای چۆمانە، کە ئەمیش سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت “ئاگرەکە زۆر بەرفراوان بووە، لە شەوی رابردووەوە بە چوار تیم و خەڵکی ناوچەکە خەریکی کوژاندنەوەین، توانیمان لە کاتژمێر 6ـی بەیانی کۆنترۆڵی بکەین، بەڵام بەهۆی بەهێزی رەشەبا کاتژمێر 8ـی بەیانی جارێکی تر سەریهەڵدایەوە تاکو ئێستا بەردەوامه”.
دەشڵێت: گومان دەکەین ئاگرەکە بەدەستی ئەنقەست بووبێت، زەرەر و زیانی گەیاندووە و دەیان دۆنم پوش و پاوانی ناوچەکە سوتاندووە.
لەمساڵدا ئەوە دووەمجارە ئاگر چیاکانی ئەو ناوچەیە بکەوێتەوە، بەهۆی سەختی ناوچەکە و بوونی مین، تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکەن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق