یانه‌ی هه‌ولێر بلیته‌كانی دوو یاریی داهاتووی فرۆشت

964+
ئەرسەلان عەبدوڵڵا – هەولێر

یانه‌ی هه‌ولێر بۆ دوو یاریی داهاتووی له‌ خولی نایابی عێراق، بلیته‌كانی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ یاریگه‌كه‌ی فرۆشت.

ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ١٣ی كانوونی یه‌كه‌م، به‌ 964+ی راگه‌یاند، “ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ مه‌زادێكی ئاشكرادا له‌ باره‌گای یانه‌كه‌مان، بلیتی دوو یاریی داهاتووی یارییه‌كانی یانه‌كه‌مان، كه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆمان ده‌كرێت، فرۆشران”.

یانه‌ی هه‌ولێر دووسبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ ١٥ی كانوونی یه‌كه‌م، له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا میوانداریی یانه‌ی زه‌وڕا ده‌كات و یارییه‌ له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
دواتر رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو، ٢٠ی كانوونی یه‌كه‌م، هه‌ر له‌ یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ یاریی ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش یارییه‌كی گرنگ و به‌هێزه‌.

ئیبراهیم قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، بلیتی ئاسایی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هانده‌رانی وه‌رزشی بۆ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری، ته‌نیا دوو هه‌زار دیناره‌.

یاریگه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر، كه‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریرییه‌، جێگه‌ی نزیكه‌ی 15 هه‌زار كه‌س ده‌بێته‌وه‌ و به‌شێكی كه‌م له‌ كورسییه‌ تایبه‌ته‌كانی، كه‌ به‌ VIP ناسراوه‌، نرخه‌كه‌یان ٢٥ هه‌زار دیناره‌.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی عێراقدا، ٩ یاریی کردووە، ٣ بردنەوە، ٣ دۆڕان و ٣ یەکسانبوونی هەیە، ئێستا لە پلەی ١٠ی ریزبەندییە و ١٢ خاڵی هەیە.