زیادكردنی به‌نزین بۆ زاخۆ كێشه‌كانی ئه‌و قه‌زایه‌ی چاره‌ نه‌كردووه‌

+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

35 هه‌زار لیتر بەنزینی 750 دیناری بۆ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ زیادکرا، به‌ڵام هێشتا كه‌مه‌.

رۆژانە وەزارەتی سامانه‌ سروشتییەکانی هه‌رێم، دوو تەنکەر بەنزین کە دەکاتە 70 هه‌زار لیتر دەنێرێته‌ ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، قایمقامیەتی زاخۆش هەموو رۆژێک ئەو بەنزینە به‌سه‌ر هاوڵاتیانی قەزای زاخۆ دابەش دەکات و دوو بۆ سێ رۆژیش بڕێکی ئەو بەنزینە لە باتیفا دابەش دەکرێت.

عوسمان عەلی، بەرپرسی لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامیەتی زاخۆ بە 964ی وت: پێش دوو رۆژ دوو تەنکەر زیادکرابوو، کە 140 هه‌زار لیتر بوو، ئەمڕۆ تەنیا یەک تەنکەر زیادکرا، به‌م زیادكردنه‌ کەمێک لە سه‌رە و قەرەباڵغی کەم دەبێته‌وه‌.

“لەوەتەی قەیرانی بەنزین دروست بووە، وەزارەت هەموو رۆژێک 70 هه‌زار لیتر پشکی ئێمەی داناوه‌، هاوڵاتیان نیگەران بوون و ئێمەش زور هەوڵمان دا پشکی ئێمە لە بەنزینی 750 دیناری زیاد بکرێت بۆ 210 هه‌زار لیتر، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا 105 هه‌زار لیتر هاتووە و سێ بەنزینخانە دابەشیان دەکەن”، عوسمان عه‌لی وا ده‌بێژێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، سه‌ره‌گرتن لە رۆژانی پێشوو باشترە و قەرەباڵغی کەمتره‌، بەڵام هێشتا به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت.

ئەمە لە کاتێکدایە زاخۆ ئیدارەیەکی گەورەیە و هەردوو قەزای زاخۆ و باتیفای لەسەرە و بڕی دیاریكراوی بەنزینی 750 دیناری، بەقەد خواستی شوفێرانی زاخۆ نییە و سه‌رەیەکی درێژ و قەرەباڵغییه‌کی زۆر لە بەنزینخانەکاندا دروست بووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا