لە 15%ی گەڕەکەکانی سلێمانی پڕۆژەی ئاویان پێنەگەیشتووە
+964
دیلان محەمەد جەزا
بە قسەی وتەبێژی ئاوی سلێمانی، لە شارەکەدا دۆخی ئاو باشە و دوو رۆژ ئاو نادرێت بۆ سەری سێیەم رۆژ، ئاو دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، لە 15% گەڕەکەکانی سلێمانی تۆڕی ئاویان پێنەگەیشتووە.
ئامانج جەلال وتەبێژی ئاوی سلێمانی بە 964 وت، لەم مانگی هەشتەدا پلەکانی گەرما بەرزن دۆخی ئاو زۆر باشە لە شاری سلێمانیدا وکەس گلەیی نییە.
وتیشی، ئەگەر لە زستاندا هاوڵاتی لە رۆژێکدا پێویستی بە 50 لیتر ئاو بێت، لە وەرزی گەرمادا ئەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 250 لیتر لە رۆژێکدا، تا پلەکانی گەرما بەرزتر ببنەوە خواست لەسەر ئاو زیاد دەکات.
لە پڕۆژەکانی ئاودا لە شاری سلێمانی توانای دابینکردنی نزیکەی 250 هەزار مەتر سێ جا ئاو هەیە، کە رۆژانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێت.
“ئێستا نزیکەی 15% گەڕەکەکانی سلێمانی تۆڕی ئاویان بۆ رانەکێشراوە، پلەبەندیان بۆ کراوە و بە پێی ئەو داهاتەی دەگاتە دەستمان، تۆڕی ئاویان بۆ رادەکێشرێت”، ئامانج جەلال وای وت.
بەردەوام ژمارەی گەڕەکەکانی سلێمانی لە زیادبووندان، ئێستا چەند گوندێکی دەوروبەری سلێمانییش پێدانی ئاویان هاتووەتە سەر سلێمانی.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا