پارک و باخچەکانی شارەزوور بێ رووناکین

964+
زینوێ حەسەن

شارەوانی شارەزوو دەڵێت، پارک و باخچەکانی قەزاکە هیچیان رووناکیان نییە و بەنیازن لە ئاییندەدا پڕۆژەی نوێی دانانی رووناکی بخەنەگەڕ.

بەگوێرەی داتاکانی شارەوانی قەزای شارەزوور، 15 پارک و باخچە لە سنووری ئەو قەزایە هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی رووناکی خەڵکی ناوچەکە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان روو لە پارکەکانی سلێمانی دەکەن.

سالار ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی شارەزوور بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “هیچ یەک لە پارک و باخچەکانمان رووناکیان نییە، بەڵام پلانمان ئەوەیە رووناکیان بۆ دابنێین”.

سەرۆکی شارەوانی شارەزوور دەشڵێت، جێگەیان بۆ دروستکردنی باخچەی دیکە هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە کراوە بە شوێنی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و کولانەی پەلەوەر، ئیشکردن تیایاندا راگیراوە.

964 زانیویەتی، رۆژانە ئەو پارکانە خەڵكێکی زۆر روویان تێدەکەن، بەتایبەت بۆ ئاهەنگەکانی بوک گواستنەوە، بەڵام لە شەوان بەهۆی نەبوونی رووناکی هیچ خێزانێک ناچێتە ئەو باخچانە، تەنیا گەنجان بە رووناکی لایت دادەنیشن و نێرگەلەی لێ دەکێشن.