وەزارەتی پەروەردە 12 مامۆستای ئینگلیزی دەوێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم کردنەوەی پەیمانگایەکی لە هەولێر راگەیاند، کە ماوەی خوێندن تێیدا پێنج ساڵە و بە زمانی ئینگلیزی وانەکان دەوترێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.8.2023، وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، بۆ کردنەوەی پەیمانگاکە پێویستیان بە 12 مامۆستا هەیە، کە پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی بن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بەرەو سەریان هەبێت.
مامۆستاکان لەسەر میلاکی ئەو پەیمانگایانە دادەمەزرێن و “کارەکەیان بریتی دەبێت لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی بە پێی سیستەمێکی دیاریکراو کە بۆ فێربوونی زمانەکە بە نووسین و قسەکردن دەبێت لە قۆناغی یەکەمی پەیمانگەدا”.
مەرجەکانی وەرگرتنی مامۆستا ئەوەیە دەبێت، مامۆستاکە دامەزراوبێت یان فەرمانی وانەبێژی هەبێت و بڕوانامەی لە بەکالۆریۆس کەمتر نەبێت و دەرچووی بەشی ئینگلیزی بێت، لە بواری وانەوتنەوە لە قوتابخانەکەیدا ئاستی پێشکەوتووی هەبێت لە زمانی ئینگلیزی، هەروەها هیچ سزایەکی نەبێت.
ماوەی هەشت رۆژ بۆ پێشکەشکردنی داواکاری لەرێگەی واتسئەپ یان ڤایبەر دیاریکراوە و دەبێت CV بە شێوەی PDF بنێردرێت.
سیڤیەکان دەدرێنە لایەنی پسپۆڕ بۆ هەڵسەنگاندنیان لەڕووی توانای ئاستی زمانی ئینگلیزی، دوای چاوپێکەوتنیان تەنیا 12 مامۆستا هەڵدەبژێردرێن و راهێنانیان لەسەر پڕۆگرامی ساڵی یەکەمی خوێندنی و پاشان لەسەر میلاکی پەیمانگاکە جێگیر دەکرێن.
وەزارەتی پەروەردە ئەم دوو ژمارەیەی داناوە بۆ ناردنی سیڤی:
(07505103232)
(07505106262)