دوای ١٧ ساڵ بوونە خاوەنی یەکەم منداڵ

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

ژن و مێردێک لە قەزای حاجیاوا دوای ١٧ ساڵ و ١١ مانگ، لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی رانیە بە نەشتەرگەری یەکەم منداڵیان لەدایکبوو.

هێرش حەسەن باوکی منداڵەکە بە 964+ی وت، منداڵەکە کچە و ناویان ناوە مێرگوڵ، هەمان ناوی داپیرەیان لێناوە.

هێرش حەسەن دەڵێت لە خۆشیدا، زیاتر لە ٦٠ کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی چوونەتە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی رانیە و لە دەرەوە چاوەڕێی لەدایکبوونی مێرگوڵ بوون.

باوکی مێرگوڵ دەڵێت، دوای چاوەڕوانیەکی زۆر و سەردانی چاندان پزیشکی تایبەت بەڵام سوودی نەبوو، بەڵام لەدوای مانگی رەمەزانەوە رۆژێک خێزانەکەی تەندروستی تێکدەچێت و سەردانی پزیشک دەکەن، دوای پشکنین بۆیان دەردەکەوێت هاوسەرەکەی دوو گیانە و سکەکەی لە رەگەزی مێیە.

“تەندروستی منداڵەکە و دایکیشی زۆر باشە، زۆر دڵخۆشین کە رەگەزی کچە و جیاوازی نییە لەنێوان کوڕ و کچ،” هێرش حەسەن وای وت.

پێشتریش لە مانگی ١٠ لە قەڵادزێ ژن و پیاوێک دوای ١٥ ساڵ چاوەڕوانی بوونە خاوەن یەکەم منداڵیان.

ساڵی رابردووش هەر لە قەڵادزێ ژن و پیاوێک دوای ٢٤ ساڵ لە هاوسەرگیری بوونە دایک و باوک و منداڵێکیان بوو.