واژۆى كۆكردووه‌ته‌وه‌ و لیژنه‌شی پێكهێناوه‌

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى كار بۆ به‌قه‌زاكردنى ناحیه‌ى رزگارى ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هه‌وڵه‌كانى خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ به‌ قه‌زاكردنى ناحیه‌ى رزگارى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، واژۆى به‌شێكی ئه‌ندامانى كۆكردووته‌وه‌و لیژنه‌یه‌كیشی بۆ پێكهێناوه‌.

كاسترۆ مه‌عروف، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌ 964ـى راگه‌یاند، 23 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌ن واژۆیان بۆ به‌قه‌زابوونى ناحیه‌ى رزگارى كردووه‌ و سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نیش لیژنه‌یه‌كی بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ دروستكردووه‌.

وتیشی “بۆیه‌ ناحیه‌ى رزگارى به‌ شایسته‌ى قه‌زا ده‌زانین چونكه‌ له‌رووى ژماره‌ى دانیشتوان و فراوانى جوگرافیاكه‌ى و قوربانیدانه‌كه‌ى گونجاوه‌و مافى خۆیه‌تى بكرێته‌ قه‌زا”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌وان له‌رێگه‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى كه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یان له‌ گه‌رمیان دروستى كردووه‌ كار بۆ وه‌ده‌ستخستنى پشتگیری ئیداره‌ى گه‌رمیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و به‌قه‌زابوونه‌.

كاسترۆ، پێیوایه‌ پشتگیری كردنى به‌قه‌زابوونى ناحیه‌ى رزگارى له‌لای ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ كارێكی قوڕس نیه‌.

ئه‌و لیژنەیەى كه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دروستیكردووه‌ بریتین له‌، سه‌باح شەهید فتاح – سەرۆکی لیژنە، که‌ریم عه‌لی – ئەندام و محه‌مه‌د شێخ وەهاب – ئەندام.

لیژنه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بەپێی یاسای ژمارە (3 ساڵی 2009) یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ، كاره‌كانى به‌قه‌زابوونى ناحیه‌ى رزگارى ده‌كات.

ساڵی رابردووش، بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌ واژۆى 26 ئه‌ندام له‌ رۆژى 1.3.2022 یاداشتێکى ئاڕاستەی ئیدارەی گەرمیان کردبوو.