هۆڵەکانی “زەرد و گەل” لە هەولێر دروست دەکرێنەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
هەردوو هۆڵی “زەرد و گەل” لە شاری هەولێر دووبارە دروست دەکرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستە دەستکراوە بە ئامادەکارى بۆ رێکارەکانى دابینکردنى بودجە و رێکخستن و دیزاینى هۆڵەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9.8.2023، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا بە گەڕاندنەوەى دروستکردنى هەردوو پڕۆژەى هۆڵی “زەرد و گەل” لەلایەن پارێزگاى هەولێر.
ئاماژە بەوەش کراوە، “هەردوو هۆڵەکە لە هۆڵە هەرە دیار و بە ناوبانگەکانى شارى هەولێرن و یاد و یادەوەرى پایتەختى هەرێمى کوردستانن و چەندین کارى شانۆیی و ئاهەنگى نیشتمانى و نەتەوەیی و پاڵەوانیەتى وەرزشیان لێ نمایش کراوە و بەشێکن لە مێژووى شاری هەولێر”.
هۆڵی گەل یەکەم هۆڵی هونەری بوو لە شاری هەولێر، ساڵی 2013 بە بیانووی کۆنی هۆڵەکە، رووخێنرا و دوای نزیکەی 10 ساڵ بە گوژمەی شەش ملیار دینار دەستکرا بە دروستکردنەوەی، بەڵام هێشتا کارەکانی تەواو نەکراوە
لە ساڵی 2012، بەگوژمەی پێنج ملیار دینار بەردی بناغەی دروستكردنەوەی هۆڵی زەرد دانرا و ماوەی 450 رۆژ بۆ تەواوکردنی تەرخانکرا، بەڵام پرۆژەکە بە نیوەناچڵی جێهێڵدرا.