58 ملیار دیناری جوتیاران گەشت لە عێراقەوە

توانا نەقی

بڕە پارەیەکی تری جوتیارانی هەرێم لە بەغدا خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی هەرێم.

بڕی 58 ملیار دیناری تری شایستە دارایی جوتیاران خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە شایستەی دارایی جوتیاران بۆ ساڵی 2023.

دابەشکردنەکەش بە جۆرێکە 27 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، 18 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر و 13 ملیار دینار بۆ پارێزگای دهۆک دەبێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە 964ـی وت، چەکی پارەکە گەشتووە و دوای رێکارە کارگێڕی و داراییەکان دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.

وتیشی، ماوەی یەک هەفتەی تری پێویستە ئەو رێکارانە و دەبوو ئێستا کامل پارەکە کە 400 ملیارە بگەشتایەتە هەرێم، چونکە ئەمساڵ وا بڕیار بوو کە دوای 10 رۆژ پارەی جوتیاران بە تەواوەتی بگات، ئەم لە کاتێکدایە پارەی جوتیارانی ناوڕاست و خوارووی عێراق بە تەواوی دابەشکراوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە بڕی 10 ملیار و نیوی دیکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی هەرێم و پێشتریش 68 ملیاری دیکە نێردرابوو بۆ شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.