سێ کەس بە 4 کیلۆ TNT دەستگیرکران

964+

فەرمان سادق

لە دەڤەری شارەزوور سێ کەس بە چوار کیلۆ تی ئێن تی و چەندین جۆری چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکران و ئاسایش دەڵێت کاریان قاچاخچێتی کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی نایاسایی بووە، لە پارێزگای هەڵەبجە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا بڵاوی کردەوە کە سێ تۆمەتباریان بە بڕی چوار کیلۆ تی ئێن تی و چەندین جۆر چەک و تەقەمەنی بێ مۆڵەت و نا یاسایی دەستگیرکرد.

ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون، جگە لەو چوا کیلۆگرامە تی ئێن تییە، 53 پارچە چەکی مامناوەند و چەکی راو و 10 بۆمبی دەستی لە جۆری نارنجۆک و دوو هەزار فیشەکی جۆراوجۆر و چوار دووربینی سەر چەک، دەسیان بەسەردا گیراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی دەشڵێت: دوو رۆژ پێش ئەمڕۆ، واتە 7.8.2023، ئەو سێ کەسە کە کاریان قاچاخچێتی کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی نایاسایی بووە، لە پارێزگای هەڵەبجە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراون و ئەوان بەپێی مادەی 15ـی چک راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.