لە هەشت کۆڵبەرە بریندارەکە یەکێکیان گیانی لەدەست دا
964+
پێشەوا محەمەد
لەو هەشت کۆڵبەرەی شەوی یەکشەممە “بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران” بریندار کران، تەرمی یەکێکیان لە باخێکدا بە مردوویی دۆزرایەوە.
بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، رووداوەکە شەوی یەکشەممە 6.8.2023 روویداوە، بەڵام یەکێک لە بریندارەکان تا درەنگانی شەوی دووشەممە 7.8.2023 نادۆزرێتەوە و “بەهۆی زۆری خوێنلێڕۆیشتنیشەوە گیانی لەدەستداوە”.
رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کۆڵبەرەکە ناوی ئاسۆ کەریم بووە، تەمەنی 39 ساڵ بووە و بۆ خۆڕزگارکردنی لەدەست هێزە چەکدارەکان خۆی گەیاندووەتە ناو باخێکی گوندی شوشمێ.
“لەگەڵ ئەو کۆڵبەرەشدا حەوتی دیکە بریندار کراون و ئێستا لە ژێر چارەسەرکردنی پزیشکیدان” راگەیەندراوەکەی رێکخراوەکە وادەڵێت.