چی له‌باره‌ى شەڵتەری داڵدەدانی ژنان ده‌زانیت ؟

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە هەرێمی کوردستان، چوار شەڵتەری تایبەت بە کەیسەکانی ژنان هەن، سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین، هەندێكیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ – بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ئەرکی پاراستنیان دابینکراوە.

ئه‌و کەیسانه‌ی ره‌وانه‌ى شه‌ڵته‌ره‌كان ده‌كرێن، پەیوەستن بە توندوتیژی، یان ئەوانەی هەڕەشەیان لەسەرە، بەشێکی لەلایەن نووسینگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە فەرمانی دادوەر بۆ شەڵتەرەکان رەوانە دەکرێت، بەتایبەت ئەو ژنانەی هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە، کە مەرج نیە کێشەکەیان گەورە بێت.

سێ لە شەڵتەرەکان، کەیس دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ و بەپێی پێویست بە بڕیاری دادوەر تێیدا بمێننەوە، کە لە “هەولێر، سلێمانی و دهۆک” دان، به‌ڵام شەڵتەری چوارەمیان لە ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى گەرمیانە، کە کەیسەکان بە بڕیاری دادوەر تەنیا بۆماوەی 72 کاتژمێر لێی دەمێننەوە.

کاری شەڵتەرەکان بەپێی رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2023ی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو، رێکخراوە، کە لە ژمارە (300)ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان لە 2023/3/16 بڵاوکراوەتەوە.

به‌پێی داتاكانى فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022، کۆی گشتیی ژنانی سوودمەند لە شەڵتەرەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان، 895 ژن بوون

لەو ژمارەیەش، 28٪ى داڵدەدراوان لە هەولێر و 43٪ لە سلێمانی و 28٪ لە دهۆک و 1٪ لە گەرمیان بوون.

تاوه‌کو ئێستا لە سنووری پارێزگاى هەڵەبجە و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى سۆران و زاخۆ و راپه‌ڕین ماڵی داڵدەدانی ژنان نییە.