کوردێکی مەقلەبچی سەدان ملیۆن بینەری هەیە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی


سیروان خورشید

لە قەزای دوزخورماتوو گەنجێکی دەسڕەنگین هەیە بە ناوی رزگار، ئەو بە رەفتارە کۆمیدییەکانی سەدان ملیۆن بینەری لە سۆشیاڵ میدیا کۆ کردووەتەوە.

رزگار رەشید، 10 ساڵە شاگردی خواردنگەیەکە و پێنج ساڵیشە دەستی بەم کارەی کردووە، بە قسەی خۆی “بۆ دڵخۆشکردنی ئەوانەی سەردانی خواردنگەکەیان دەکەن”.

لەناو خەڵکی ناوچەکە و ئەو کەسانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە رێیان دەکەوێتە خواردنگەکە، ناوبانگی ئەم پیاوە 35 ساڵە بە “رزگاری مەقلەبچی” ناسراوە.

مەقلەبچی، بە کەسێک دەوترێت کە فێڵ لە خەڵکی بکات و کتوپڕ زیرەکانە بارودۆخەکە بۆ پێکەنین و خۆشی و شادی بگۆڕێت.

رزگار رەشید، لە رێگەی 964ـەوە داوای کرد، هونەرمەندە کوردەکان سەردانی بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بەناوبانگ ببێت.