حکومەت پێشینەی هاوسەرگیری لە هاوڵاتیان وەردەگرێتەوە

964+
دیلان محەمەد جەزا

دوای ساڵانێک وەستان و وەرنەگرتنەوەی بەهۆی قەیرانی دارایی، گەنجینەی سلێمانی داوا لەوانە دەکات کە پێشینەی هاوسەرگیریان وەرگرتووە بە دوو مانگ بیدەنەوە.

مەریوان ناسر، یەکێکە لەو کەسانەی پێشینەی هاوسەرگیری وەرگرتوە بە 964 وت، سەردانی گەنجینەی یەکی سلێمانی کردووە، داوایانلێکردووە قەرزە کەڵەکەبووەکانی لایەتی لە ماوەی دوو مانگ بە دوو قیست بیداتەوە.

“لەساڵی 2012ـەوە سلفەی هاوسەرگیرم وەرگرتووە، تا ئێستا تەنیا دوو قیستم داوەتەوە، ئێستا چوار ملیۆن و 600 هەزار دینارم لەسەر ماوە، داوایانکردووە بە دوو قیست بیدەمەوە”. مەریوان ناسر وایوت.

ئەو کەسانەی پێشینەی هاوسەرگیریان وەرگرتووە لە ساڵانی رابردوودا، لە ساڵێکدا دوو قیستیان بۆ دیاریکراوە، هەر جارەی 180 هەزار دینارە، بەڵام زۆرێک لەو کەسانە قیستەکانیان نەگەڕاندوەتەوە.

لەسەر ئەو پرسە، نازەنین رەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی بە 964 وت، لە 19ـی حوزەیرانی رابردوو رێنمایی دەرچووە بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری لەماوەی دوو مانگدا قەرزە کەڵەکەبووەکە بگەڕێننەوە.

زیاتر وتیشی “بۆ ئەوەی فشار لەسەر هاوڵاتی دروست نەبێت هاوکاریان دەکرێت و ئاسانکاریان بۆ دەکەین و کاتی دانەوەی قەرزەکەیان بۆ درێژ دەکەینەوە و بۆیان بەش بەشی دەکەین، بەڵام ئەگەر نەیداتەوە ئەوا نووسراو دەکرێت و یەک لەسەر پێنجی موچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق