ناو بازاڕ رێکدەخرێتەوە

لە چەمچەماڵ 300 مێزی تەجاوز لادراوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

مانگێکە شارەوانیی چەمچەماڵ، سەرقاڵی رێکخستنەوەی ناو بازارە و دەیانەوێت رێگە لە زیادەڕۆیی بگرن.

لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا نزیکەی 300 مێزی تەجاوز بە شێوەی زیادەڕۆیی لە بەردەم دوکانەکان لابراون.

شارەوانیی چەمچەماڵ دەیەوێت بە شێوەیەکی مۆدێرن تەواوی ناوبازاڕی قەزاکە لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە بکات بە جەمەلۆن و مێز بە دیزاینێکی جوان و سەرنجڕاکێش و رێگە نەدەن چیتر زیادەڕۆیی بکرێت.

گۆران فاتیح، بەرپرسی لێژنەی زیادەڕۆیی و رێکخستنی ناوبازار لە شارەوانیی چەمچەماڵ بۆ 964 وتی، ماوەی مانگێکە بە چڕی سەرقاڵی رێکخستنەوەی ناو بازاڕن بەهاوکاری پۆلیس، نزیکەی 300 مێزی زیادەڕۆییان لاداوە، کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان.

وتیشی، رۆژانی شەممانیش، کە دەوامی فەرمی نییە هەر بەردەوامن لە رێکخستنی ناوبازاڕ و تەنیا بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20 بۆ 25 مێزی تری زیادەڕۆیان لابردووە.

ئەو کەسانەی کە مێزی زیادەڕۆ دادەنێن، سەرەتا غەرامە دەکرێن و دواتر ئەگەر هەر بەردەوام بن تا بەندکردن دەڕۆن لەگەڵی و لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەردەکرێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی