زۆرترین یاریزانی سه‌نته‌ری شه‌تڕه‌نجی مه‌لیك گه‌یشتنه‌ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سەنتەری شەترەنجی مەلیک له‌ هەولێر له‌ پاڵه‌وانیه‌تیی شه‌تڕه‌نجی عێراق له‌ موسڵ پله‌ی یه‌كه‌میان له‌ سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا به‌ده‌ستهێنا و ژماره‌یه‌ك یاریزانیشیان گه‌یشتنه‌ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق.

پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ له‌ موسڵ كرا و دوێنێ هه‌ینی كۆتایی هات، تێیدا تیپی سه‌نته‌ری مه‌لیك توانیان له‌ سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنن.
ئه‌نجامه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بوون:

لاوین محه‌مه‌د، پلەی یەکەم لە ئاستی تەمەنی 12 ساڵان – کوڕان
ژەنین نەسرەو، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی 12 ساڵان – کچان
دەوەن نەسرەو، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی 10 ساڵان – کوڕان
شاریا سەمیر، پلەی دووەم لەسەر ئاستی 8 ساڵان – کچان
چیا سەمیر، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی 6 ساڵان – کوڕان
دانیار نه‌سره‌و، پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ئاستی ته‌مه‌ن 14 ساڵان – كوڕان
به‌هره‌ سه‌میر، پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ئاستی ته‌مه‌ن 14 ساڵان – كچان.

دانا جه‌مال راهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری مه‌لیك به‌ 964ی وت، ئه‌و یاریزانانه‌ی پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ست هێناوه‌، بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كراون و نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ پاڵه‌وانیه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ میسر.

وتیشی، ئه‌و یاریزانه‌ی له‌ ئاستی ته‌مه‌ن 14 ساڵان ركابه‌ریی ده‌كه‌ن، یه‌ك هه‌نگاویان ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌وه‌ بكه‌ن.

” سەنتەری مەلیک بەبێ پاڵپشتی هیچ کەس و لایەنێک و ته‌نانه‌ت به‌بێ پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کوردستان، توانیویەتی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، ئێمه‌ له‌ گیرفانی خۆمان سه‌نته‌ره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین”، دانا جه‌مال وای وت.

سه‌نته‌ری مه‌لیك بۆ فێركردن و په‌ره‌پێدانی شه‌تڕه‌نج له‌ ساڵی 2018 له‌ هه‌ولێر دامه‌زراوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری یاریزانی شه‌تڕه‌نجی پێگه‌یاندووه‌.