دەستبەرداری 16 یاریزان بوو

یانەی سلێمانی بۆ وەرزی نوێ خۆی نوێ دەکاتەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی وەرزشی سلێمانی دەستبەرداری بەشێکی زۆری یاریزانانی تیپی تۆپی پێ ی یانەکەی بوو.

بەمەبەستی رێکخستنەوە و دروستکردنەوەی پێکهاتەیەکی نوێ بۆ وەرزی ئەمساڵی خولی کوردستان، یانەی وەرزشی سلێمانی دەستبەرداری 16 یاریزانی تیپی تۆپی پێی یانەکەی بوو.

خەسرەو گورون، سەرپەرشتیاری تیپەکانی تۆپی پێ لە یانەی وەرزشی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە ئێستاوە ئامادەکارییان دەستپێکردوە بۆ وەرزی نوێی خولی کوردستان.

وتیشی “توانای دارایی یانەکەیان هەڵسەنگاندووە و لەسەر ئەو بودجەیەی کە هەیە تیپەکەمان بنیات دەنێینەوە”.

سەبارەت بە رۆیشتنی یاریزانان لە تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی، خەسرەو گورون ئاماژەی بەوەدا کە ئەو یاریزانانە داوای بۆندی زۆریانکردووە کە لە توانای یانەکەدا نەبووە، هەربۆیە دەستبەرداری 16 یاریزان بووین و بۆندی 7 یاریزانیشمان نوێ کردۆتەوە.

لە وەرزی پێشوودا، تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی، بەشداری هەردوو خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان و پلە دووەکانی عێراقی کرد و لە هیچ خولێکیان نەیتوانی سەرکەوتن بۆ پلەیەکی تر بەدەست بهێنێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق