بەنزین هات و کەچی نرخەکەی هەر وەکو خۆیەتی

فەهمی نەبی

سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر هاتنی 540 هەزار لیتر بەنزین، بەڵام هێشتا نرخی بەنزین هەر وەکو خۆیەتی و وتەبێژی بەنزینخانە ئەهلیەکانی سلێمانی دەڵێت، هاتنی ئەو بەنزینە بۆ ئەوەیە نرخەکەی لەوە زیاتر بەرز نەبێتەوە.

رۆژی 2.8 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، بڕی 540 هەزار لیتر بەنزین گەیشتووەتە هەرێم و هەر لیترێکی بە 750 دینار لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم دابەشدەکرێت، بەڵام ئەم هەنگاوە هیچ گۆڕانکارییەکی لە نرخی بەنزین دروست نەکرد.

بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە 964ی وت، “سودی هاتنی ئەو بەنزینە ئەوەیە ناهێڵێت بەنزین گران بێت، سەرەتا با ئەو هەنگاوە بنرێت، ئینجا دواتر نرخەکەی دادەبەزێت”.

بەگوێرەی وتەی بەهمەن شێخ قادر، لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەگەر پرۆسەی هاتنی ئەو بەنزینە بەردەوام بێت، نرخەکەی دادەبەزێت، هاوکات تا ئێستا هاتنی بەنزین لە باشماخەوە بێ کێشە دێتە ناو هەرێم.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە دوو رۆژی رابردوو رایگەیاند، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا بڕی ، یەک ملیۆن و 512 هەزار لیتر بەنزینی دیکەش بگات.

ماوەی دوو هەفتە زیاترە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 300 دیناری چووەتە سەر.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی كوردستان رۆژانە بەنزیکی پێویستیی سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین هەیە، ئەو بڕەی هاوردە دەکرێت، رۆژانە دەکاتە دوو ملیۆن و 360 هەزار لیتر.