سەمون لە سەمونخانەیەکی سلێمانی. وێنە: 964
ئاردی بایەعیەکەت بدە نانەوایەک و رۆژانە نانی خۆت وەربگرە
964+
توانا نەقی
لە عێراق دەستکرا بەو پلانەی کە هاوڵاتیان بەشە ئاردی مانگانەکەیان بدەن بە نانەواو سەمونخانەی گەڕەگەکەیان و رۆژانە نان و سەموونی خۆیان وەربگرن.
ئەو هاوڵاتیانە دەتوانن لە ماوەی مانگەکەدا 120 نان یاخود سەموون وەربگرن کە رۆژانە دەکاتە چوار نان.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە 964ـی وت، ئێستا لە سێ گەڕەکی بەغدا وەک ئەزموونی جێبەجێدەکرێت و هاوڵاتیان دەتوانن بەشە ئاردەکەیان بدەن بە نانەوای گەڕەکەکیان.
وتیشی، ئەگەر ئەوە سەرکەوتوو بوو جێبەجێ دەکرێت بەسەر تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا و لە ناویشیاندا هەرێمی کوردستان، هەروەها هاوڵاتی بە خواستی خۆیەتی بەشداری دەکات یاخود نا.
وەرگرتنی ئەو ئاردە بە شێوەیەکە هاوڵاتییەکە دەتوانێت ئەو ئاردەی وەری دەگرێت بیدا بە نانەواخانە یان سەمونخانەیەک و رۆژانە بڕوات چوار سەمون یان نان وەربگرێت کە مانگانە دەکاتە 120 نان و سەموون.
نەوزاد شێخ کامیل دەشڵیت، ئەگەر سەر بگرێت کاریگەری باشی دەبێت هەم هاوڵاتیان ناچار نابن ئاردەکەیان بفرۆشن کە زۆرینەیان وادەکەن هەمیش نرخی ئارد دادەبەزێنێت و کۆنترۆڵی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ئامادەن لە هەرێم ئەو پلانە جێبەجێ بکەن و لیستی سەرجەم نانەواخانەکان و ژمارەی دانیشتوانی گەڕەکەکانیان لایە کە جێبەجێکرا جیایان دەکەنەوە و دابەشیان دەکەن بەسەر سەموونخانە و نانەواخانەکاندا.