لە هەفتەی جیهانی شیرپێداندا
WHO: شیری دایک وەک هەناسە وایە بۆ منداڵ
964+
ژووری هەواڵ
لە هەفتەی جیهانی شیرپێداندا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت لە گرنگی شیری دایک دەکاتەوە و دەڵێت، شیری دایک ژیانی زیاتر لە 820 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ساڵێکدا رزگار بکات.
بەڵام دەزگا تەندروستییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانن بەشێک لە دایکان شیری خۆیان بە منداڵەکانیان نادەن.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، ئەوپەڕی تا 48%ی دایکان شیری خۆیان بە منداڵەکانیان دەدەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی تەندروستی، گرنگی شیرپێدانی دایک بۆ منداڵ ئەوەیە کە لەو تەمەنەدا لە نەخۆشییە درمەکان دەیانپارێزێت، وەک سکچوون و هەوکردنی سییەکان کە دەشێت مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکەن. هەروەها دایکان بە درێژایی تەمەنیان لە نەخۆشییە نەگوازراوەکان دەپارێزێت.
هەروەکو لە هەندێک راپۆرتی تەندروستیدا هاتووە، “ئەو ژنانەی شیری خۆیان بە منداڵەکانیان دەدەن، ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان کەمترە”.
بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود، رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیازی ئەوە دەکات دایکان بۆ ماوەی شەش مانگی یەکەم تەنیا شیر بە منداڵەکانیان بدەن و بەردەوام بن لە شیرپێدان تا منداڵەکە تەمەنی دەبێتە دوو ساڵ یان زیاتر.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەو منداڵانەی شیری دایکیان پێدەدەرێت کەمتر کێشیان زیاد دەکات یان قەڵەو دەبن، هەروەها لە پشکنینەکاندا دەردەکەوێت ئاستی زیرەکیان باشترە و لە کاتی گەورەبووندا داهاتی زیاتریان دەست دەکەوێت.