دوو مێرمنداڵەکەی کەلار زیندانی ناکرێن

964+

هونەر فارس – کەلار

ئەو دوو مێرمنداڵەی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر سوتاندنی بەشێک لە باڵەخانەی قایمقامیەتی کەلار و ئۆتۆمبێلێکی تاپۆ بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادران، بە بڕیاری دادگا دەنێردرێنە ماڵەوە و بۆ ماوەی ساڵێک لەژێر چاودێری رەوشتیدا دەبن.

نەشاد عومەر پارێزەری دوو مێرمنداڵەکە بە 964+ی وت، سزاکەیان لە چوار ساڵەوە بۆ ساڵێک کەمکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنیانەوە ئەو ساڵەش لە ماڵەوە لەژێر چاودێریدا بەسەر دەبەن.

لە ئێستادا عەبدوڵا هیوای تەمەن ١٤ ساڵ گەیشتووەتەوە ماڵی خۆیان لە گەرمیان، سابیر ئەحمەدی ١٧ ساڵیش هێشتا لە هەولێرە و بە وتەی پارێزەرەکەی ئەمڕۆ یاخود سبەی دەگاتەوە ناو کەسوکاری.

قانع ئەحمەد برای سابیر ئەحمەد بە 964+ی وت، “لە دادگا پێیان وتین حوکمی براکەمان بۆ ساڵێک کەمکراوەتەوە و لەژێر چاودێریی رەوشتیدا دەبێت لە ماڵەوە.”

وتیشی، ” تا ئێستا سابیری برام نەهاتووەتەوە ماڵەوە و رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی بگاتەوە ناومان.”

رۆژی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ سەرۆکایەتی دادگای نەوجەوانانی گەرمیان، فەرمانی چوار ساڵ زیندانی بەسەر هەریەک لە عەبدوڵا هیوا و سابیر ئەحمەد سەپاند،

 لە خۆپیشاندانەکانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٠، تۆمەتی سوتاندنی بەشێک لە پرسگەی بەردەم باڵەخانەی قایمقامیەت و ئۆتۆمبێلێکی تاپۆ درایە پاڵ عەبدوڵا هیوا و سابیر ئەحمەد و بۆ ماوەی ١٢ رۆژ دەستبەسەرکران.

دواتر لە رۆژی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ سەرۆکایەتی دادگای نەوجەوانانی گەرمیان، بە تۆمەتی سوتاندنی موڵکی دەوڵەت فەرمانی چوار ساڵ زیندانی بەسەر هەردووکیاندا سەپاند.

بەپێی زانیارییەکانی 964+، دادگاییکردنەکەی عەبدوڵا و سابیر لەسەر سکاڵای سێ کەس بووە کە ئەوانیش شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار و ئەکرەم رەزا، بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی گەرمیان و ئیبراهیم قادر کە پیشەی پۆلیسە.