سلێمانی.. دوو تۆمەتبار لەسەر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ دەستگیرکران

964+

فەرمان سادق

کەمێک پێش ئێستا پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەیان لە کەسێک کردبوو.

دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە لەسەر سکاڵای کەسی هەڕەشەلێکراو بووە بەپێی مادەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، دوای دەرچوونی بڕیاری دادوەر لەلایەن بنکەی پۆلیسی رزگاری دەستگیرکراون.

سکاڵاکەر بە پۆلیسی وتووە، ئەو دوو کەسە بە فێڵ بڕی پێنج ملیۆن و 800 هەزار دینار لێوەرگرتووە.

هەردوو تۆمەتبارەکە تەمەنیان 23 و 24 ساڵییە و لەکاتی دەستگیرکردنیشیان وەک پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بڕێک پارە و دوو مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکەشیان دەستی بەسەردا گیراوە.