مەفرەزەیەکی پۆلیسی راپەڕین دەردەکەوێت وێنە:پۆلیسی راپەڕین.
ئەو کەسەی بە جلی ژنانەوە دزی دەکرد دەستگیر کرا
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان لە راپەڕین، لە بازاڕی قەڵادزێ گەنجێکیان دەستگیرکردووە، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت، بە جلی ژنانەوە دزی ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو کەسە دوای ئەوە هاتووە، چەند دوکاندارێک سکاڵایان کردووە لەسەر ئەوەی دزی لە دوکانەکانیان کراوە.
موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بۆ 964 وتی، ئەو کەسە تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵە، پێشتر چەند جارێک لەسەر دزی دەستگیرکراوە.
وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی وت، ئەو کەسە جلی ژنانی لەبەر کردبوو، بە جۆرێک لەچکی کردبوو، کە تەنیا چاوی دیار بوو، دوای ماندووبونێکی زۆر بەهۆی کامێراکانی چاودێری لە بازاڕی قەلادزێ دەستگیر کرا.
بە پێی راگەیەنراوەکەی پۆلیسی راپەڕین، بە پێی مادەی 433 ئەو گەنجەیان راگرتووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن.