دوای سكاڵای بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیای ئەسیر
بڕیاری سەپاندنی کرێی خزموتگوزاری بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایلدا هەڵوەشایەوە
هەژان هادی
دوای سکاڵای بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیای “ئەسیر” لەسەر بڕیارێکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بۆ زیادکردنی باجی “کرێی خزمەتگوزاری” لەسەر کۆماپنیاکانی مۆبایل، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیاری سەپاندنی “کرێی خزمەتگوزاری”ـیمان هەڵوەشاندەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دادوەر ئەیاد موحسین، سەرۆکی دەستەی تانەدان کە بەرپرسە لە پێداچوونەوە بە تانەدان لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، روونی کردەوە، ئەو 20%ی کە لەسەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانس و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان وەردەگیرێت لە راستیدا باجی فرۆشتنە نەک کرێی خزمەتگوزاری، وتیشی: دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بڕیارەکەیدا پشتی بە رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران بەستووە لەکاتێکدا کە حکومەت کاربەڕێکەر بووە، جەختیشی کردەوە لەوەی “حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی یاسایی نییە تا بڕیارێک بدات کە ببێتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتیانەوە”.
باسی لەوەشکرد، سەپاندنی باج و رسومات کاری دەسەڵاتی یاسادانانە.
کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، ئەوکات ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر سەپاندنی باجی %20 لەسەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانس، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە کە ئەوکات نرخی نەوت دابەزی.
دواتر لە 2022، کابینەی حکومەتی سوودانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی هاوڵاتییان، بڕیاریدا باجی سەپێندراوی %20 لاببات.
ساڵی پار کەیسەکە گەڕایەوە و ئەنجومەنی وەزیران لە کانوونی یەکەمی 2025 بڕیاریدا باجی %20 لەسەر کارتی باڵانس و ئەپڵیکەیشنەکانی ئینتەرنێت بسەپێنێت، ئەمەش لەچوارچێوەی بەندی “فراوانکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەت و رێکخستنی داهات” کە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆری خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی کردەوە.
ئەمساڵیش لە 28ـی نیسان، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بە سەرۆکایەتی بەلاسم سالم، جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران کردەوە.