كێ وتاری هەینی مامۆستایانی ئایینی دیاری دەكات؟

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

بەشێك لە مامۆستایانی ئایینی پابەندی وتارەكانی هەینی نابن و ئەوقافیش دەڵێت سزای ئەو مامۆستایانە دەدەن كە پابەند نابن.

لە هەرێمی كوردستان نزیکەی شەش هەزار مزگەوت هەیە و لە نزیکەی نیوەیاندا وتاری هەینی دەخوێندرێتەوە

بە سۆراغی +964 بەشێكی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمی كوردستاندا پابەندی ئەو تەوەرانە نابن كە لە وەزارەتی ئەوقاف بۆیان دیاری دەكەن.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی ئەوقاف بە +964ی راگەیاند، “وەزارەتی ئەوقاف بۆردێكی هەیە بە ناوی ‘بۆردی وتاری هەینی’ ئەم بۆردە هەفتانە تەوەرەكان دیاری دەكەن و ئاراستەی مزگەوتەكانی دەكەن بۆ ئەوەی  لە هەینیدا باسی ئەو بابەتانە بكەن”.

گفتوگۆ لەگەڵ مەریوان نەقشبەندی

بۆردی مامۆستایانی ئایینی لە ٥٠ مامۆستای ئایینی پێكدێت  لە سەرجەم شارەكانی كوردستانەوە ئەندامی تێدا هەیە و بە واتسئەپ تەوەری وتاری هەفتانەی مامۆستایان دیاری دەكات.

مەلا رەعد ئۆمەرلی، بەڕێوەبەری مزگەوتەكان لە وەزارەتی ئەوقاف بە +964ی وت، “هەر مامۆستایەك پابەندی تەوەرەكانی وتاری هەینی نەبێت بانگ دەكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت و ئاگاداردەكرێتەوە كە پێویستە پابەندی تەوەرەكانی بۆردی وتاری هەینی بێت”.

گفتوگۆ لەگەڵ مەلا رەعد

بەگوێرەی ئەوقاف، لە ماوەی ساڵی رابردوودا سێ مامۆستا لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە كە پابەندی تەوەری بۆردی وتارەكان نەبوون لە وەزارەتەوە، بەڵام هیچ مامۆستایەك سزا نەدراوە و دوورنەخراوەتەوە.

بۆردی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە بە شێوەیەكی خۆبەخش لە مامۆستایانی ئایینی پێكدێت.