"سەیارەکەت کوژایەوە سلفی لێ مەدە و جێیبهێڵە"

فیتەرێکی لێزان باسی ساتی گیرخواردنی ئۆتۆمبێلەکان لەناو لافاودا دەکات

کۆسرەت ئەحمەد – هەولێر

فیتەرێکی لێزان و شارەزا باسی ساتی گیرخواردنی ئۆتۆمبێلەکان لەناو ئاو و لافاودا دەکات و دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکەت کوژایەوە، سلفی لێ مەدە و بەجێیبهێڵە”.

وەستا رزگار لەڕێی مایکی 964ـەوە رێنمایی دەداتە شۆفێران و دەڵێت، لە کاتی کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقامەکان، ئەگەر ئاستی ئاوەکە لە نیوەی تایەی ئۆتۆمبێل کەمتر بوو دەکرێت بە وریاییەوە تێپەڕیت، بەڵام ئەگەر ئاستەکەی بەرزتر بوو، تێپەڕین هەڵەیە، چونکە ئۆتۆمبێلەکە لەکار دەکەوێت.

“کاتێک سەیارەکەت لەناو ئاودا کوژایەوە، تکا دەکەم تەحەمول بکە، سلفی لێ مەدە، ئەگەر سلفی لێ بدەی زیانێکی زۆر بەسەر سەیارەکەت دەکەوێ، ئەگەر ئاوەکە هەر بەرزبووەوە، سەیارەکە جێبهێڵی باشترە، چونکە ژیانی خۆتان گرنگترە”، وەستا رزگار وادەڵێت.

وەک باسی دەکات، هەر سەیارەیەک ئەگەر نوقمی ئاو بوو، دەبێ دوای دەرهێنانەوەی، رۆنەکەی بگوڕدرێت، بە تەواوی بشۆردرێت و پاک بکرێتەوە، بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژ لە شوێنێکی وشک یان گەراجدا رابگیرێت، پێش ئیش پێکردنەوەی.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری