ئۆتۆمبێڵێک لە چیای پێرس بووە قەرەبرووت

+964
زەید کۆچەر – دهۆک

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی گوندی بیرە کەپرای ئاکرێ گڕی گرت و لەگەڵ خۆیدا بەشێک لە چیای پێرسی سووتاند.

ئەو ئۆتۆمبێڵەی سووتاوە جۆری نیسانە، دەوترێت بەهۆی بوونی شۆرت لە بزوێنەرەکەی گڕی گرتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

عەقید ئیبراهیم فەریق بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە 964ی وت، ئەو ئۆتۆمبێڵە ویستویەتی لە رێگەی گوندی بیرا کەپرا بچێت بۆ ناحیەی دینارتە، لە هەورازەکانی چیای پێرس گڕی گرتووە.

بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ئەوەش دەڵێت، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێڵەکەی لێ سووتاوە، هەورازێکی رکە، بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە خۆی کێشەی هەبووە، بەهۆی فشار خستنەسەر گڕی گرتووە.

بە پێی وتەی بەرگریی شارستانی، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووە، ئاگرەکە پەڕیوەتەوە قەدپاڵی چیای پێرس و ئاگر لە چیاکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی