چیرۆکی ئەو ژنە نەعل وەشێنەی سەری پەرلەمانتارێکی خوارد

+964

پێجشەممەی رابردوو دوو ژن لە ناوچەی حارسیەی بەغدا هێرشیان کردە سەر ئەفسەرێکی هاتوچۆ بە پلەی رائید، رۆژی دواتر ڤیدیۆکە وەک پریشکی ناو پووش و پەڵاش هەموو سۆشیال میدیای تەنی.

ئەم دوو ژنە یەکێکیان ناوی شەهد تائیەو ژنێکی چالاکی ناو سۆشیال میدیایە، لە ڤیدیۆکەدا پشت ئەستوور دەردەکەوێت و دوای ئەوەی هێرش دەکاتە سەر ئەفسەرەکە پێی دەڵێت: ئەگەر لای خوشکەکانتەوە دامنەنیشاندی پرچی خۆم دەبڕم.

ئەم بێ منەتییە لە خۆڕا نەبوو، چەند خولەکێکی نەخایاند (بەها نوری) پەرلەمانتار و وتەبێژی دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالیکی چووە شوێنی رووداوەکەو بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دوو ژنەکەی گواستەوەو دەستگیر نەکران.

بۆ رۆژی دواتر کە ڤیدیۆکە بڵاوبووەوە لە سۆشیال میدیای عێراقی دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی لێکەوتەوەو رەهەندێکی سیاسی وەرگرت، چالاکوانانی عێراقی وتیان ئەگەر ئاوا پەرلەمانتار و بەرپرسەکان لەپشتیان نەبن ناتوانن شکۆی یاسا بشکێنن و لە پیاوانی هاتوچۆ بدەن.

شەهد تائی لە ئینیستگرامی خۆی وەڵامی هێرشەکانی دایەوەو وتی یەکەمجار ئەفسەرەکەی هاتوچۆ هێرشی کردووەتە سەر، بەڵام عەمید زیاد قەیسی وتەبێژی هاتوچۆی بەغدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوەو بە 964ی وت: ئەفسەرەکە هێرشی نەکردووەتە سەر، بەڵکو بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵ کردووەو ژنەکان هێرشیان کردووەتە سەر، چاوەڕێین دادگا لێپێچینەوەی خۆی بکات.

ڤیدیۆی کامێرای چاودێریش راستی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت، ئەفسەرەکە لە کابینەکەی خۆی وەستاوەو دوو ژنەکە دێن پەلاماری دەدەن.

ساتی یەکەمی رووداوەکە دوو ژنەکە دەرباز بوون و هیچیان لەگەڵ نەکرا، بەڵام ئەم ڤیدیۆیە کە بە مۆبایلێک گیراوە هەموو شتێکی گۆڕی و دوای کاردانەوە گەورەکەی خەڵک، وەزارەتی ناوخۆو هێزە ئەمنییەکان کەوتنە قسە و دوو ژنەکەش دەستگیر کران.

کوتلەی دەوڵەتی یاسا خۆیگرت و هیچی نەوت، بەڵام فشارەکان لەسەروو توانای ئەوانەوە بوو، بۆیە دوێنێ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو رایانگەیاند بەها نوری بەهۆی رووداوەکەوە لە کوتلەکەی ئەوان دەرکراوە، سوپاس بۆ وەزیری ناوخۆش کە هێزە ئەمنییەکان دەپارێزێت.

لە دوا کاردانەوەشدا بەها نوری پەرلەمانتار رایگەیاند کە ئەو دوو ژنە تەنیا هاوڕێی ئەون و لەکاتی رووداوەکە هانایان بۆ بردووە، بۆیە ئەویش چووە بەدەمیانەوە، بەڵام دەستی وەرنەداوەتە کارە یاساییەکانەوە.

ئەم قسانە توڕەیی خەڵکی هێور نەکردەوە، بەتایبەتی ئەمە یەکەمجار نییە لە بەغدا هێرش دەکرێتە سەر پیاوانی هاتوچۆ، دەیان کەس بەبێ لێپێچینەوە دەرباز دەبن و هەندێکیشیان ڤیدیۆیەکی سۆشیال میدیا فریایان دەکەوێت و هەقیان بۆ وەردەگرێت.