پردی ئەبوسەنا لە سلێمانی دەکرێت بە دوو ساید

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

پردی ئەبوسەنا لە شاری سلێمانی رێکخستنەوەی بۆدەکرێت و دەکرێت بە دوو ساید، حکومەتی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر خەرجکردنی پارەی پێویست بۆ پرۆژەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە 1.8.2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، رەزامەندی داوە لەسەر خەرجکردنی ملیارێك و 348 ملیۆن و 977 هەزار دینار بۆ رێكخستنەوەی یەكتربڕی ئەبوسەنا و بە دووسایدكردنی پردەکەی.

“ئەو گوژمەیە لەسەر رێژەی 100%ـی داهاتی فرۆشتنی زەویی روكنی شارەوانی، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییە و لەسەر پلانی ساڵی 2023 رەزامەندی خەرجكردنی نیشاندرا”، وەزارەتی شارەوانی وا دەڵێت.

زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکەیان بیستووە، بەڵام ئاگادار ئەوە نین کە چەندی بۆ تەرخانکراوە و کەی دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

پردی ئەبوسەنا دەکەوێتە سەر شەقامی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی، لە ئێستادا یەک ئاراستەیە و شۆفێران دەتوانن بۆ گەیشتن بە گەڕەکی سەرچنار سودی لێوەبگرن.