هەڵبژاردەی میسر پاڵەوانی وڵاتانی عەرەبە

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە پاڵەوانیەتی تۆپی سەرمێزی عەرەب، پاڵەوانەکانی هەڵبژاردەی میسر پێشەنگن لە دەستکەوتەکاندا.

لە هۆڵی زانکۆی سلێمانی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەب درێژەی هەیە.

بەشدار سەربەست یاریدەدەری راهێنەری تیپی بێچووەشێرانی هەڵبژاردەی عێراق بە 964ـی وت، پاڵەوانیەتییەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و یاریزانە کوردەکان سوودێکی زۆریان لە یارییەکان بینیوە.

وتیشی، یاریزانانی کوردی ریزی هەڵبژاردەی عێراق ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکردووە و بونەتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ داهاتووی یارییەکە.

لە یارییەکانی چوارەم رۆژی پاڵەوانیەتییەکە و لەسەر ئاستی تیپی بێچووەشێرانی کوڕان هەڵبژاردەی میسر پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و عێراقیش لە پلەی پێنجەم هات، لەسەر ئاستی تیپی تازەپێگەیشتوانی کوڕانیش، بەهەمان شێوە هەڵبژاردەی میسر نازناوەکەی مسۆگەرکرد.

بۆ ئاستی لاوانی کوڕان، هەڵبژاردەی جەزائیر پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و هەڵبژاردەی بەحرەین دووەم بوو، لەسەر ئاستی تیپەکانی تازەپێگەیشتوانی کچان، هەڵبژاردەی بەحرەین پلەی یەکەمی مسۆگەرکردوو میسریش پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی