هەولێر گەیشتە یاری کۆتایی جامی عێراق
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر .
ئەمشەو یانەی هەولێر لە یاری پێش کۆتایی لە یاریگای شەعب لە بەغدا، بووە میوانی یانەی حدود و یاریەکەی لێبردەوە ، سەدان هاندەری هەولێر ئەمڕۆ چووبوونە بەغدا بۆ پشتگیری و هاندانی هەولێر و لە نێو یاریگای شەعب ئامادەبوون .
گێمی یەکەمی یارییەکە هەولێر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، بەڵام هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ سەرکەوتوو نەبوون، لە گێمی دووەم هێرشەکانی هەولێر زیاتر بوون لە خولەکی 52 یاریزان مەحمود خەلیل گۆڵی یەکەمی بۆ هەولێر تۆمارکرد .
حدود هەوڵی یەکسان کردنەوەی یاریەکەی دەدا، بەڵام هێڵی بەرگری یانەی هەولێر تا چرکە ساتەکانی کۆتایی یاری بەرگریانکرد یارییەکە بە تاکە گۆڵێک لە بەرژەوەندی هەولێر بە کۆتاهات.
لە شەقامی ئیسکانی هەولێر، سەدان هاندەری یانەی هەولێر بەدیار شاشەیەکی گەورە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بردنەوەی هەولێر بوون ، دوای یاریەکە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بە بردنەوەی هەولێر .
یانەی هەولێر یەکەمجارە دەگاتە یاری کۆتایی جامی عێراق ، چاوەڕوانی یاری نێوان (قوە جەویە x کەرەخ )دەکات ،کە بڕیارە سبەی سێشەممە یاریەکە بەڕێوەبچێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی