چەکی کڵاشینکۆڤ. وێنە: Getty Images
پاش ئەو ماوەیە لێبووردن نامێنێت
وەزارەتی ناوخۆ: هاوڵاتیان تا دوو مانگی تر مۆڵەتیان هەیە بۆ رادەستکردنی چەک
ژووری هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، هاوڵاتیان تاوەکو دوو مانگی تریش دەتوانن چەکە بێ مۆڵەتەکانیان رادەست بکەن بۆ ئەوەی تووشی سزا نەبنەوە.
ئەوە بەو مانایەیە کە لە دوای ئەو دوو مانگە چیتر چەکەکان بەبێ سزادانی خاوەنەکانیان وەرناگیرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30.7.2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتوویەتی، وادەی رادەستکردنی چەک لە 21ـی تەمموزەوە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام بەپێی یاسای چەکی 2022، هێشتا تاوەکو 60 رۆژی تر مۆڵەت لەبەردەم هاوڵاتیاندا هەیە.
بەگوێرەی مادەی 12ـی یاسای چەکی 2022، لە دوای 21ـی تەمموزی ئەمساڵەوە، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاوڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەک و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.
بۆ ئەمە، وەزارەتەکە داوای کردووە، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان نییە، لەم دوو مانگەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان یان ئیدارە سەربەخۆکان بکەن و داوای مۆڵەت بکەن.
بەپێی داتای وەزارەتی ناوخۆ، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 17 هەزار چەک لەلایەن هاوڵاتیانەوە رادەستکراون.