سینەمایەک لە خانەقین بۆ منداڵان کرایەوە

 964+

راژان ماجد – خانەقین

لە هۆڵی ناوەندی كولتوری خانەقین، بەشی سینەمای منداڵان دەکرێتەوە. ماجی شالیار دەڵێ ساڵی ١٨٩٥ سینەمای گەڕۆک لە خانەقین هەبووە.

ئێوارەی دوێنێ ١٠ـی کانونی یەکەم، لە مەڕاسیمێکدا بەشی سینەمای منداڵان لە ناوەندی کولتووری خانەقین کرایەوە.

ماجد شالیار، بەرپرسی ناوەندی كولتوری خانەقین بە 964+ راگەیاند؛ ئەوەی کراوە هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی سینەما لە خانەقین، بڕیارە هەفتانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک کارێک لەسەر سینما پێشکەش بکرێت و بانگهێشتی خەڵکیش بکرێت.

ماجد شالیار، باس لە مێژووی سینەما لە خانەقین دەکاو دەڵێ؛ دوای بەغدا، خانەقین یەکەم دەڤەر بووە لە عێراق کە سینەمای بەخۆیەوە بینیبێ، ساڵی ١٨٩٥ سینەمای گەڕۆک لە خانەقین هەبووەو خاوەنی چەندان هۆڵی سینەما بووە.

وتی “كاتی ئەوە هاتووە ئەمە زیندوو بكرێتەوە، ئەمڕۆش لەكاتی نمایشكردنی ئەم فلیمانە بە دەیان خێزان روویان لەم ئیڤێنتە كردووە و بڕیارماندا سینەمای منداڵان بكەینەوە”.

ماجد مەحەمەد، باوكی ( ئەرستۆ )ـی سێ ساڵە بۆ 964+ قسەی کردووەو باسلەوە دەكات؛ هێنانی منداڵ بۆ ئەم شوێنانە گۆڕینی كەشوهەوایەكی نوێیە، هەروەها دەرچوونە لە ناو ژیانی مۆبایل كە منداڵانمانی بەتەواوەتی سەرقاڵکردووە.