دەروازەی شەقامی مەولەوی بە بەردی کوردستان  رووپۆش دەکرێت

  964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

کار کردن لە نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شەقامی مەولەوی بەردەوامە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێ؛ ٧٥٪ـی کارەکان تەواوبووە، شەقامەکەش بە بەردی کوردستان رووپۆش دەکرێت.

 ئیبراھیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964+ی وت؛ نزیکەی دوو مانگە سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شەقامی مەولەویین و ٧٥٪ـی‏ کارەکانی تەواو کراون، کە کارێکی دەستی و ھونەرییە و لە قۆناغی بەستنەوەی بەردەکانین بەیەکەوە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە روونیدەکاتەوە کە ئەو بەردانەی لە نۆژەنکردنەوەی شەقامی مەولەوی بەکاریانهێناوە لە ناوچەی باخەکۆنی بەشی ھەورامان ھاتووە، نزیکەی حەوت بۆ ھەشت ھەزار بەردە.

 964+ دەزانێت، رۆژانە ٢٠ بۆ ٢٤ کرێکار لەو پڕۆژەیە کار دەکەن و، زۆرینەی کرێکارەکانیش لە ھەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ھاتوون.

ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێ؛ تێچووی نۆژەنکردنەوە و بیرۆکەی رووپۆش کردنەکە لەلایەن شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق بووە، داوایکردووە کە دەبێت لە بەردی کوردستان نۆژەن بکرێتەوە”.

زیاتر وتیشی “داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ کردووە بەش بەش ئەو رێگایەمان بۆ دابخەن، بۆ ئەوەی بتوانین بە ئازادانە کاری تیادا بکەین،بەڵام کەمێک کێشەی ھاوڵاتیانمان ھەیە، لەبەر ئەوەی دێنە بەردەستمان”.