وەزارەتی دارایی خەرجییەکانی رادەگرێت
964+
توانا نەقی – هەولێر
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، بڕیاری راگرتنی سەرجەم خەرجییە داراییەکانی دا، جگە لە موچە و پێشینەی خاوێنکردنەوە و خواردن نەبێت.
بەپێی رێنماییەکی ژمارە (٢٠)ـی وەزارەتی دارایی کە بە نووسراوی ژمارە (١٤١٢٧) ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری راگرتنی سەرجەم خەرجییەکان دراوە.
رێنماییەکە، کە لە هەشت خاڵ پێکهاتووەو لە ١٥ـی ئەم مانگە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان.
لە رێنماییەکەدا ئەوە هاتووە، بەمەبەستی پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان وگەیاندنیان بۆ وەزارەتی دارایی بڕیاردرا بە راگرتنی، سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان، راگرتنی گشت خەرجییەکان لە بەرواری ١٥ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، جگە لە جەرجییەکانی، موچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە و خاوێنکردنەوە و خواردن، راگرتنی زیادکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە.
هەر لە رێنماییەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم راگرتنە تەموویلکردنی تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناگرێتەوە، هەروەها لە رۆژی دەرچوونی ئەم رێنماییەوە هیچ داواکارییەکی خەرجی ئاراستەی وەزارەت نەکرێت.