هاندانەکەی حکومەت ئیشی خۆی کردو هاوبەشانی ئاو ژمارەیان زیادی کردووە
964+
عەمار عەزیز – شۆرش عەبدولستار – دیلان محەمەد
هاندانەکەی وەزارەتی شارەوانی بۆ بەستانی پێوەری ئاو کە خۆی لە داشکاندنی نرخی ئاو دەبینیەوە، ئیشی خۆی کردووەو ژمارەی هاوبەشانی ئاو زۆر زیادی کردووە.
داشکاندن لە کرێی ئاوی ماڵان خواستی لەسەر پێوەری زیرەک زیاد کردووە، تەنیا لە هەولێر ژمارەی ئەو ماڵانەی کە لە شەش مانگدا پێوەی ئاویان بەستووە بە رێژەی ٪٣٩ زیادیکردووە، ئەمە بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر.
زەردەشت عبدولخالق بەڕێوبەری ئاوی هەولێر بە 964+ی راگەیاند، پێش ئەوەی داشکاندن رابگەیەندرێت شەش مانگ بەر لە ئێستا تەنیا ٥٠٪ی خەڵکی هەولێر پێوەریان بەستبوو، ئێستا ئەو رێژەیە بۆ ٨٩٪ بەرزبووەتەوە.
لە هەولێر ٣٩٪ـی هاوبەشانی ئاو زیادی کردووە
لە سلێمانیش بەهۆی داشکاندنەکەوە، لەکۆی ١٧٥ هەزار هاوبەشی ئاو نزیکەی ١٤٠ هەزار ماڵ پێوەری ئاویان بەستووە، بەختیار تاھیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964+ی وت.
لەبارەی دهۆکیش ڤەگێر ئەحمەد، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شارەکە بە 964+ی وت، لەکۆی ٧٠ هەزار و ٨٨ هاوبەشنی ئاو تاوەکو ئەمڕۆ ٦٤ هەزار و٩١٧ هاوبەشی ئاو پێوەریان بەستووە و تەنیا ٥ هەزار و ١٧١ کەس ماون.
لە سلێمانی ٣٥ هەزار و دهۆکیش پێنج هەزار ماڵ ماوە پێوەر ببەستن
لێخۆشبوون لە بەشێکی کرێی ئاو شەش مانگە بەردەوامە و بەجۆرێکە کە ئەگەر ئەگەر ماڵت لەناو شار بێت و پێوەری ئاو ببەستیت ئەوا مانگانە لەبری ٨٠ هەزار دینار ٢٠ هەزار دینار دەدەیت.
بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی شار بیت و پێور ببەستیت، لەبری ٨٠ هەزار قەرزی ئاو تەنیا ١٠ هەزار دینار دەدەیت.
لێخۆشبوون لە بەشێک لە کرێی ئاو لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ٢١ی مانگی کانونی یەکەم، واتە ١٠ رۆژی دیکە کۆتایی بێت.