پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لە کوردستان - وێنە: میدیاکان
هەرێم دەیەوێت ئەزموونی وەبەرهێنەرانی ئیمارات لە کشتوکاڵدا بەکاربهێنێت
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت لە بووارە جیاوازەکانی کشتوکاڵدا سوود لە ئەزموونی وەبەرهێنەرانی ئیمارات وەربگرێت و لیژنەیەکی هاوبەشیش لەنێوان هەرێم و ئیمارات پێکهاتووە.
دوێنێ چوارشەممە 26.7.2023 گرووپی وەبەرهێنەرانی E20ـی ئیماراتی عەرەبی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم کۆبوونەوە و لیژنەیەکی هاوبەش ئەرکی گواستنەوەی ئەزموونە کشتوکاڵییەکەیان بۆ هەرێم دەگرێتەئەستۆ.
لیژنەکە لە بووارەکانی بە پیشەسازیکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی، شیرەمەنی و تاقیگەی دەرمان و ڤاکسین و هاوکاریکردنی جوتیارانی هەرێم لە بووارەکانی ئالیک و سامانی ئاژەڵدا کاردەکات.
“ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بووارە جیاوازەکانی کشتوکاڵدا بۆ هەرێم و جوتیاران و کەرتەکە زۆر گرنگە تا بتواندرێت لە رووی بەرهەم و کوالێتی و چەندێتییەوە پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت”، ئەوە قسەی هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵە بۆ 964.