نزار مەحروسی تا ئێستا لەیانەی زاخۆ ماوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دەنگوی نەمانی نزار مەحروسی لەیانەی زاخۆ دوورە لەڕاستی و تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
نزار مەحروسی، راهێنەری سوری پوستی راهێنەرایەتی یانەی زاخۆی لە گەڕی 26ـی خۆلی نایابی عیراقی وەرگرت، کە ئەو کات مەترسی دابەزینی یانەی زاخۆ بۆ خۆلی پلە یەکەکانی عیراق زوڕ بوو، بەڵام لە 12 یاری خۆلی نایابی عیراق توانی مانەوەی زاخۆ لە خۆلی نایابی عیراقی مسوگەربکات.
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ سەربارەت بە دەنگوی نەمانی راهێنەر نزار مەحروسی لە زاخۆ بۆ 964 وتی، نزار مەحروسی تا ئێستا ماوە و ئێمە داوای 10 روژ موڵەتمان لە نزار کردووە بۆ ئەوەی دەستەی کارگێری یانەکە رێکبخەن و تواناکانی دارایی خۆمان بزانین تایەکلایی بکەینەوە ئایا دەتوانین گرێبەستەکەیان نوێ بکەینەوە یاخود نا.
دلشاد ئەحمەد، یاریدەدەری نزار مەحروسی بە 964ـی وت، ئەو کاتەی کاپتن نزار پوستی راهێنەراتی یانەی زاخۆی وەرگرت مەترسی دابەزین لەسەر یانەی زاخۆ زور بوو بە جورێک لەکۆی 12 یاری، شەش لەو یاریانە لەگەڵ یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەمی ریزبەندی بوو، بەڵام شوکر بۆ خوا توانیمان نەک مەترسی لەسەر زاخۆ نەهێلین بەڵکو یانەی زاخۆ چوار پلە بۆ پێشەوە بەرین.
ئەمە لەکاتێکدایە لەو 12 یارییەی نزار مەحروسی راهێنەرایەتی یانەی زاخۆی دەکرد، چوار سەرکەوتن و سێ دۆڕان و پێنج یەکسانبوونی بەدەستهێنا و توانی بەم ئەنجامە مانەوەی زاخۆ لەخۆلی نایابی عیراق مسۆگەربکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی